لە زیندانەوە کچە قوتابییەک بڕوانامەی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بەدەستدەهێنێت

پاش تەواو کردنی دوو ساڵی خوێندن لە زیندانی چاکسازی هەولێر، کچە قوتابییەکی سزادراو بڕوانامەی دبلۆمی دوو ساڵە لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بەدەستدەهێنێت.
رۆژی سێشەممە ٥/٤/٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی هەولێر و سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، لە زیندانی چاکسازی هەولێر مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ بەخشینی بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکی بە کچە قوتابییەک بەڕێوەچوو کە زیاتر لە حەوت ساڵی ژیانی لە زینداندا بەسەردەبات، و پاش خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بە شێوەی خێرا، کۆتایی ئەمساڵی خوێندن بڕوانامەی دبلۆمی دووساڵەی تەکنیکی لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بەدەستدەهێنێت.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سوپاسی مامۆستایان و ستافە کارگێڕییەکانی قوتابخانەی خوێندنی خێرای رووناکی و بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشەی کرد کە بە هەماهەنگی هەردوولا پرۆسەکە بە سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە.
هەر لەو بارەیەوە د. ئەڤین فتاح حاجی مام ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە رایگەیاند: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و جێگای خۆشحاڵیمانە کە بۆ یەکەمجارە کچە قوتابییەک لە زیندانەوە بتوانێت لە ماوەی سزادانەکەیدا بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکی پەیمانگە بەدەستبهێنێت”. وتیشی: “ئەم ئۆفەرە لە چوارچێوەی ستراتیجی ئەکادیمی و زانستی پەیمانگەدایە و ئێمە بە پێی پلانێکی ستراتیجی ساڵانە چەندین ئۆفەری جیاواز پێشکەش بە کوڕان و کچانی کوردستان دەکەین”.
قوتابییەکە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەر لە زیندانی چاکسازی هەولێر وانەکانی خوێندووە و بەشداری تاقیکردنەوەکانی کردووە، د. موئمین زەڵمی بەڕێوەبەری ئەکادیمی و دڵنیایی جۆری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە و یەکێک لە مامۆستاکانی ئەو قوتابییە ڕایگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی کە قوتابییەکەمان ئۆفەرێکی خۆڕایی لە لایەن سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگەی تەکنیکی گەشەوە بۆ دابینکرابوو، ئێمەش بە خۆبەخشی هەفتانە سەردانی چاکسازی هەولێرمان دەکرد و لە قوتابخانەی زیندانەکەدا وانەکانمان پێدەگوتەوە و پابەند بە رێنماییەکانەوە لیژنەی تاقیکردنەوەکانی پەیمانگە تاقیکردنەوەکانی بەڕێوەبردووە”. وتیشی: “قوتابییەکەمان ئاستێکی باشی هەبووە و توانیویەتی لە ریزبەندی یەکەمەکانی بەشەکەیدا ساڵی یەکەمی خوێندنی تەواو بکات و ئێستاش لە قۆناغی دووەمدا بە ئاستێکی باشەوە چاوەڕوانی سەرکەوتنەکانییەتی.”
وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو قوتابییە پاش تەواوکرد ی ماوەی سزادانەکەی ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە ناو خێزان و کەسوکاری و وەرزی کۆتایی خوێندنەکەی لە ناو هۆڵەکانی وانەوتنەوە لە پەیمانگەکە بەسەرببات.
پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و بە یەکێک لە باشترین پەیمانگە ئەھلییەکانی کوردستان دادەنرێت و لە ئێستادا قوتابییان لە پێنج بەشی «دەرمانسازی، پەرستاری، ئینگلیزی، دروستکردنی ددان و ژمێریاری» دەخوێنن.