د. بەختیار تاڵەبانی لە پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بوو

د. بەختیار تاڵەبانی راهێنەری نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ لە پەیمانگەی تەکنیکی گەشە سیمینارێکی پێشکەشکرد و لە لایەن بەڕێز د. ئەڤین فتاح حاجی مام ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشەوە رێزلێنانی پێشکەشکرا.
ئەمرۆ یەکشەممە ٨/٥/٢٠٢٢ کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی ئەکادیمی و دڵنیایی جۆری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە لە ژێر ناونیشانی (چۆن پەیمانگە بکەمە وێستگەی سەرکەوتنەکانی ژیانم؟) سیمینارێکی بۆ بەڕێز (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. بەختیار کەمال تاڵەبانی) راهێنەری نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ ساز کرد.
سیمینارەکە چەند تەوەرێکی گرنگ لەخۆگرتبوو: ژیانی ئەکادیمی، سۆشیاڵ میدیا، شکست و سەرکەوتن، چۆنیەتی سودوەرگرتن لە بڕوانامە و تواناکان … تاد.
لە سیمینارەکەدا د. بەختیار تاڵەبانی تیشکی خستە سەر ژیانی ئەکادیمی قوتابیان و رێگاکانی سەرکەوتنی روونکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابیان و دەرچووانی پەیمانگە دەبێ بزانن کە پاش بە دەستهێنانی بڕوانامەی پەیمانگە چەندین دەرگای جیاوازیان بۆ دەکرێتەوە گرنگە بتوانن پاش خۆناسین، هەڵبژاردنی دەوروبەر و ژینگەیەکی تەندروست، و چۆنیەتی هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی سود لە دەرفەتەکان وەربگرن.
لە بەشێکیتری سیمینارەکەیدا د. بەختیار تاڵەبانی، ئەزموونی چەند کەسایەتییەکی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە و جەختیکردەوە کە جیهانی دیجیتاڵ میدیا و سۆشیاڵ میدیا دەتوانرێت رێگایەکی هاریکاری سەرەکی و ئاسانی بەدەستهێنانی سەرکەوتن بێت.
لە کۆتایی سیمینارەکەشدا گفتوگۆ لە سەر پرسیاری قوتابیان کرا و وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.
پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بۆ ئەمساڵی خوێندنی ئەکادیمی ۲۰۲۱-٢٠٢٢، پلانی بەرێوەبەرایەتی ئەکادیمی و دڵنیایی جۆری جێبەجێدەکات کە بەشێکی پلانەکە کۆرسی راهێنان و سیمیناری ژیانسازییە لە پێناو بەهێزکردن و گەشەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانی قوتابیان.
پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و بە یەکێک لە باشترین پەیمانگە ئەھلییەکانی کوردستان دادەنرێت و لە ئێستادا قوتابییان لە پێنج بەشی «دەرمانسازی، پەرستاری، ئینگلیزی، دروستکردنی ددان و
ژمێریاری» دەخوێنن.