پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بڕوانامەی (ئای سۆی)ی نوێکردەوە

رۆژی یەکشەممە ١٢/٦/٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی بەڕێز د. ئەڤین فتاح حاجی مام ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە کۆبوویەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ڕاگری پەیمانگە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی کۆتایی ساڵ (وەرزی دووەم)ەوە پیرۆزبایی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد و سوپاسی لیژنەی تاقیکردنەوەکان و لیژنە تایبەتمەندەکانی کرد کە سەرکەوتووانە پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانیان بە ئەنجام گەیاندووە.
لە بەشێکیتری وتەکانیدا ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان کرد و جەختیلەسەر بەرپاکردنی دادپەروەری کردەوە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتی بەشەکان و لیژنەکان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابیان خواست.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی دڵنیایی جۆری ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ کرا و بەڕیوەبەرایەتی ئەکادیمی و دڵنیایی جۆری پەیمانگە راپۆرتی هەڵسەنگاندنی پرۆسەکەیان پێشکەش کرد.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەشدا ئاماژە بە نوێکردنەوەی بڕوانامەی (ئای سۆی)ی پەیمانگەی تەکنیکی گەشەکرا و پیرۆزبایی لە ستاف و بەڕێوەبەران کرا کە پەیمانگە گەشتووەتە ئاستێکی بەرزی ستانداردی کارگێڕی و دامەزراوەیی.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆسەی نوێکردنەوەی تاقیگەکان و رێککارە تەندروستی و سەلامەتییەکانی پەیمانگە پێشکەش کرد.
پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و بە یەکێک لە باشترین پەیمانگە ئەھلییەکانی کوردستان دادەنرێت و لە ئێستادا قوتابییان لە پێنج بەشی «دەرمانسازی، پەرستاری، ئینگلیزی، دروستکردنی ددان و ژمێریاری» دەخوێنن.